ریال مەدرید مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و هاندەران پێی دڵخۆش نین

13-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی مێژوویەکی گەورەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا تۆمارکرد، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی یونیەن بەرلین بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە.
 
شەوی سێشەممە ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی بەرامبەر یانەی یونیەن بەرلین ئەنجامدا، یانەی شاهانە یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو دووپاتکردەوە.
 
ریال مەدرید تاکە یانەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگە هەر 6 یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی بردبێتەوە و تەنیا مانچێستەر سیتی ئەو هەلەی هەیە ئەوە دووبارەبکاتەوە، کاتێک ئەمشەو بەرامبەر سێرڤینا زڤێزدای سێربی یاریی دەکات.
 
بەبردنەوەی یارییەکەی شەوی سێشەممە، ریال مەدریدی خاوەنی 14 نازناوی چامپیۆنزلیگ مێژوویەکی نوێی تۆمارکرد و سێیەمجارە لە وەرزێکی چامپیۆنزلیگدا هەر 6 یاریی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکان بباتەوە، بەڵام پێشتر دووجار ئەوەی کردووە و لە کۆتاییدا نەبووەتە پاڵەوان.
 
وەرزی 2011-2012 ریال مەدرید بەسەرکردایەتیی مۆرینیۆ لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا هەر 6 یارییەکەی بردەوە، کاتێک رووبەڕووی یانەکانی لیۆنی فەرەنسی، ئایاکسی هۆڵەندی و دینامۆ زەگریبی کرواتی بووەوە، بەڵام لە قۆناخی پێشکۆتاییدا یانەکە بەرامبەر بایرن میونشن دۆڕا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە کرد.
 
لە وەرزی 2014-2015 ریال مەدرید بەسەرکردایەتیی کارلۆ ئەنچێلۆتی هەمان سیناریۆی دووبارەکردەوە و هەر 6 یاریی یەکەمی بردەوە، کاتێک بەرامبەر یانەکانی بازلی سویسری، لیڤەرپوولی ئینگلیزی و لودوگۆرێس رازگرادی بولگاری یارییکرد، بەڵام لەو وەرزەشدا یانەکە نەیتوانی نازناوەکە بباتەوە و لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر یوڤێنتوسی ئیتاڵی دۆڕا.
 
لەم وەرزەدا لە 2023-2024 یانەی شاهانە بەسەرکردایەتیی کارلۆ بۆ جار سێیەم هەر 6 یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکانی بردەوە، کاتێک رووبەڕووی یانەکانی ناپۆلی ئیتاڵی، یونیەن بەرلینی ئەڵمانی و سپۆرتینگ براگای پۆرتوگالی بووەوە، بەڵام جارێ دیارنییە ئەم وەرزە دەتوانێت نازناوەکە بباتەوە یان نا.
 
ئەم مێژوویەی ریال مەدرید رەنگە لەو مێژوویە دەگمەنانە بێت کە هاندەران پێی دڵخۆش نەبن، چونکە پێشتر یانەکەیان دووجار ئەم کارەیکردووە و نەیتوانیووە نازناوەکە بباتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە