ریال مەدرید بڕیاری خۆی لەسەر ئەلۆنسۆ دا

26-11-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید هەڵوێستی خۆی لەسەر دوورخستنەوە یان هێشتنەوەی چابی ئەلۆنسۆ یەکلاکردەوە و داوای چارەسەری خێرا لە رێگەی هەماهەنگی بەکۆمەڵەوە کراوە.
 
کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەگەری دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری مێرینگێ یەکلاکردەوە، ئەمەش دوای ئەو قەیرانانەی لەم ماوەیەی دواییدا بەرۆکی تیپەکەیان گرتووە.
 
ریال مەدرید لە بەرامبەر ئیلچێ تووشی گرفت بوو و بەئەنجامی 2-2 یەکسان بوو، لەو یارییەی کە لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی گەڕی سێزدەیەمی خولی ئیسپانیادا ئەنجامدرا.
 
لەماوەی کاژێرەکانی رابردوودا، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی بە ریال مەدریدی راگەیاندووە کە نایەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ.
 
هەروەها ئاماژەیان بەوەش داوە کە یاریزانە بەرازیلییەکه لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید ئەم پەیامەی گەیاندووە، کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ڤینیسیۆس و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کراوە، و یاریزانەکە پێیوابووە مانەوە باشترین بڕیار نییە.
 
ڤینیسیۆس 4 جار وەک یەدەگ لەگەڵ ریال مەدرید دانیشتووە، کە دوایین جاریان یارییەکەی ئیلچێ بوو.
 
لەم وەرزەدا ئەلۆنسۆ چەندین جار لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا باسی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ڤینیسیۆس کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ کێشەیەکی کەسی لە نێوانیاندا نییە، بەڵام یاریکردن بەنۆرە لە پێکهاتەدا بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ تیپەکە.
 
بەڵام رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەنووسی بەنێوبانگ خۆسێ فێلیکس دیاز، کە نزیکە لە کارگێڕیی مێرینگی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "نیگەرانییەک لەنێو یانەکەدا هەیە سەبارەت بە دۆخی ئێستای تیپەکە، داوای کاردانەوەی دەستبەجێ لە راهێنەر و یاریزانان کراوە بەیەکەوە، بەڵام نەخشەڕێگاکە هیچ رێکارێکی ریشەیی لەم قۆناخەی وەرزەکەدا لەخۆناگرێت، ئەمەش بەڕوونی مانای ئەوەیە بیر لە دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر ناکرێتەوە".
 
هەروەها دەڵێت "یانەکە لەو دۆخەی ئێستا و ئەو ئاستەی تیپەکە پێشکێشی دەکات رازی نییە، روونە کە کێشەیەک هەیە، بەڵام ئەوەش روونە کە چارەسەرەکە لەنێو ژووری جلگۆڕین و پەیوەندی نێوان راهێنەر و گرووپەکەدایە".
 
لە هەفتەکانی کۆتاییدا کەڵێنێکی بەرچاو لە نێوان هەردوولادا دەرکەوت، بەڵام پەیامی یانەکە بۆ هەردوولا روون بوو "بەرژەوەندی ریال مەدرید لە سەرووی هەموو رەچاوکردنێکی کەسییەوەیە و دەبێت خۆیان چارەسەرەکە بدۆزنەوە".
 
جەختیشی کردەوە "یانەکە هێشتا متمانەی بە کاری ئەلۆنسۆ هەیە، تاقیکردنەوەی راستەقینە لە داهاتوودا دەبێت، نەک ئێستا و لەگەڵ یەکەم گرفتەکانی وەرزدا".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە