ریال مەدرید جارێکی دیکە دوو خاڵی لەدەستدا و ئێمباپێش بەبێ گۆڵ مایەوە

30-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید لاس پاڵماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید بەردەوامە لە تووڕەکردنی هاندەرانی و لەدەستدانی خاڵی زیاتر لە لالیگادا. کیلیان ئێمباپێش بۆ یاریی سێیەم لە لالیگادا هێشتا هیچ گۆڵێک و تەنانەت هیچ ئەسیستێکیشی نییە.
 
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی ئیسپانیا، ریال مەدرید بووە میوانی لاس پاڵماس و یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
 
لە نیوەی یەکەمدا لاس پاڵماس لە خولەکی پێنجەمدا لە رێگەی ئەلبێرتۆ مۆلێرۆوە گۆڵێکی خێرای تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەپێشکەوتنی تیپی خاوەن یاریگا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
ریال مەدرید لە نیوەی دووەمیشدا باش دەرنەکەوت و لاس پاڵماس نزیکبوو لە تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، بەڵام ڤینیسیۆس لە خولەکی 69 لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد.
 
کیلیان ئیمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی ئاستێکی خراپ و بۆ سێیەم یاری لە لالیگادا نەیتوانی گۆڵ بکات، کە تاوەکو ئێستا لە خولی ئیسپانیدا بێ گۆڵ و بێ ئەسیستە.

 

 
لەکاتێکدا لاس پاڵماس بە کۆکردنەوەی دوو خاڵ لە سێ یارییدا پلەی 16ـی ریزبەندییەکەی گرتووە.
 
دوای یارییەکە راهێنەری هەردوو یانە بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا کرد و کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخە خراپەی لە ئەستۆ گرت کە ریال مەدرید پێیدا تێپەڕدەبێت و گوتی "من بەرپرسم لەم دۆخە و دەبێت چارەسەرێکی خێرا بدۆزمەوە، چارەسەرییەکە بەدەست یاریزانانەوە نییە، ئەوە کاری منە و متمانەم بەوە هەیە کە دەتوانین باش ببینەوە".
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، لەبارەی یارییەکەشەوە گوتی "تیپەکەمان هاوسەنگ نییە و لە گواستنەوە و وەرگرتنەوەی تۆپدا خێرا نین".
 
سەبارەت بە مێرکاتۆش، کە ئایا ریال مەدرید لە دواساتەکاندا هیچ گرێبەستێک دەکات، راهێنەری مێرینگێ راشکاوانە، گوتی "مێرکاتۆی هاوینە بۆ ئێمە کۆتاییهاتووە و هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازینەوە".
 
لویس میگێل کاریۆن، راهێنەری یانەی لاس پاڵماسیش، دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی شایەنی بردنەوە بوو، سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید یانەیەکی گەورەیە و گوتی "رێزم بۆ ریال مەدرید هەیە، یانەیەکی گەورەیە، بەڵام لەم یارییەدا دەبووایە 2-0 لە ریال مەدرید ببەینەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە