رووداو - تەندروستی
دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی، تیشکی، کیمیایی و بایۆلۆژیی عێراق رایگەیاند، هیچ پیسبوونێکی تیشکی لە عێراق تۆمار نەکراوە و سەرجەم پێوەرەکان ئاسایین.
د. دەشتی ئاکرێیی لە بووڵتەنی ئەمڕۆی تەندروستیدا گوتی، ''لەبەر ئەوەی مادەکانی نێو وێستگە بۆردوومانکراوەکانی دوێنێی ئێران پێشتر لابراون، بۆیە مەترسیی بڵاوبوونەوەی تیشکەکان کەمترن یاخود مەترسییان نابێت''.
گوتەبێژی حکومەتی ئێرانیش رایگەیاند، هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتووانی دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان نییە و دڵنیایی دا، دەتوانن بە ئاسوودەیی لە ژیانی خۆیان بەردەوام بن.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، دوای هێرشەکانی ئەمریکا، هیچ بەرزبوونەوەیەکی لە ئاستی تیشکدانەوە لە بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێراندا بەدینەکردووە.
دوێنێ ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران و بەمەش مەترسیی تیشکدانەوە و دەرچوونی مادە تیشکاوەرییە زیانبەخشەکانی لەو وێستگانەوە زیاد کرد. بەتایبەت لەسەر دانیشتووانی شارەکانی نزیک لەو وێستگانە. {لێرە دووریی شارەکان لەو وێستگانەوە بزانە}.
ئەمانەی خوارەوە چەند رێنوێنییەکن بۆ خۆپاراستن لە تیشكی ئەتۆمی
- چوونەدەرەوە کەم بکرێتەوە
- کڵاو و چەتر بەکاربێت
- پەڕۆی تەڕ لە دەم و لووت بپێچرێت
- خۆراک و خواردنەوەی سەرداپۆشراو بخورێت
- دەرگە و پەنجەرەی ماڵەوە دابخرێت
- ئاو زۆر بخورێتەوە
- جلوبەرگ زوو زوو بشۆردرێت
- دەمامک ببەسترێت
- جلوبەرگی قۆڵدرێژ بپۆشرێت
- تەواوکەری خۆراکی ئایۆدین وەربگیرێت
شارە کوردییەکانی ئێران چەند دوورن لە وێستگە ئەتۆمییە بۆردوومانکراوەکان؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ