زیاتر لە 65 هەزار دەنگی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان لەدەستچووە

03-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، زیاتر لە 65 هەزار دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەدەستچووە و کورسیی پێ بەدەست نەهاتووە، کە زۆربەی لە کەرکووک بووە. بە گوتەی پسپۆڕێکی هەڵبژاردن، چارەسەر بۆ نەفەوتانی ئەو دەنگانە، گەڕانەوەیە بۆ کورسیی قەرەبوو، کە بەر لە 20 ساڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیڕەو کراوە.
 
لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا، 65790 دەنگی کورد لە هەڵبژاردنی 2023ی عێراق بەبێ کورسی ماونەتەوە.
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بە فرە بازنەیی دەکرێت، هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە و پشکی کورسیی خۆی هەیە.
 
تێبینی هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان لەسەر سیستمی هەڵبژاردنی ئێستا، ئەو دەنگانەی کوردە کە لە ناوچە جێناکۆکەکان بەشی بەدەستهێنانی کورسی ناکات و بەهۆی فرەلیستیی لایەنە کوردستانییەکان پەرت بوون.
 
کەرکووک، 33 هەزار دەنگی لەدەستچوو
 
پێنج لیستی کوردستانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2023 بەشدار بوون و بە هەموویان 243 هەزار و 113 دەنگیان بەدەستهێنا.
 
لیستی یەکێتی بە 157 هەزار و 649 دەنگ پێنج کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای بەدەستهێنا، پارتی بە 52 هەزار و 278 دەنگ دوو کورسی مسۆگەر کرد، بەڵام لایەنە کوردستانییەکانی دیکە نەیانتوانی کورسی بەدەستبهێنن.
 
لەو هەڵبژاردنەدا لیستی نەوەی نوێ 25 هەزار و 910 دەنگی بەدەستهێنا، هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکووک کە لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێکهاوتبوو 6 هەزار و 879 دەنگیان بەدەستهێنا، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 397 دەنگی بەدەستهێنا، بەوپێیە 33 هەزار و 186 دەنگی کورد لەو پارێزگایە بەبێ کورسی مایەوە و لەدەستچوون.
 
دیالە؛ 8195 دەنگ فەوتا
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای ساڵی 2023 لە پارێزگای دیالە، سێ لیستی لایەنە کوردستانییەکان رکابەرییان دەکرد.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 28 هەزار و 648 دەنگی بەدەستهێنا و یەک کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای بردەوە و بووە تەنیا لایەنى کوردستانى کە کورسیی لەو  ئەنجوومەنە هەبێت.
 
لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیالە 7 هەزار و 772 دەنگی بەدەستهێنا، بەبێ ئەوەی هیچ کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگا بەدەستبهێنێت.
 
پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 423 دەنگی بەدەستهێنا بەبێ ئەوەی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا مسۆگەر کردبێت.
 
بە تێکڕای لیستە کوردستانییەکان لەو هەڵبژاردنە 36 هەزار و 843 دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام تێکڕای دەنگی ئەو لیستانەی کە هیچ کورسییەکیان بەدەستنەهێناوە 8 هەزار و 195 دەنگ بووە.
 
سەلاحەدین، 2129 دەنگ بەبێ کورسی
 
لەو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا لە پارێزگای سەلاحەدین، لایەنە کوردستانییەکان لیستی سەربەخۆیان نەبوو، بەڵکو بە سێ بەربژێر لە سێ لیستی جیاواز بەشدار بوون.
 
ئەو کات یاسین داوودی، تەنیا بەربژێری یەکێتی بوو لە نێو لیستی جەماوەری نیشتمانیی سوننە، 10 هەزار و 884 دەنگی بەدەستهێنا و بووە تاکە ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان یەک بەربژێری هەبوو لە نێو لیستی حەسم کە یەکێکی دیکە بوو لە لیستە سوننەکان؛ تارا داوودی، بەربژێری پارتی لەو هەڵبژاردنە هەزار و 415 دەنگی بەدەستهێنا، نەیتوانی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا مسۆگەر بکات.
 
بەربژێرێکی دیکەی کورد کە لەو پارێزگایە رکابەریی دەکرد، هێمن داوودى، بەربژێری حیزبی شیوعیی کوردستان بوو، لەنێو لیستی ریئاسە 714 دەنگی بەدەستهێنا و نەیتوانی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا بباتەوە.
 
بە هەرسێ بەربژێرە کوردەکەی هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەلاحەدین، 13 هەزار و 13 دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام ژمارەی ئەو دەنگانەی کورد کە بەبێ کورسی مانەوە گەیشتە 2129 دەنگ.
 
نەینەوا، 22280 دەنگی ماوە
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2023 دوو لیستی کوردستانی توانییان کورسی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبهێنن.
 
لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە 141 هەزار و 52 دەنگ چوار کورسی بەدەستهێنا، لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 50 هەزار و 606 دەنگ دوو کورسی بردەوە.
 
جگە لەو لیستە کوردستانییانە پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و سێ بزووتنەوەی ئێزدی و پارتێکى شەبەک و چەند بەربژێرێکی کۆتای شەبەک و ئێزدی دەنگیان بەدەستهێنا بەبێ ئەوەی کورسی ببنەوە.
 
تێکڕای ئەو دەنگانەی کورد لە نەینەوا کە بەبێ کورسی ماونەتەوە گەیشتوونەتە 22 هەزار و 280 دەنگ.
 
کورسی قەرەبوو چارەسەرە
 
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو سیستمەی هەڵبژاردن کە ئێستا کاری پێدەکرێت لە بەرژەوەندى هاوپەیمانییە بەهێزەکانە و لەو جۆرەیە کە شێوازی رێژەییە، کە کورسی براوەکان نزیکن لەو دەنگانەی کە بەدەستی دەهێنن، نەک رەنگدانەوەی تەواوی دەنگەکانیان بێت."
 
ئارام جەمال رایگەیاند، ئەگەر سیستمی هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت چانسی لەدەستدانی دەنگ کەمتر دەبێت.
 
هەژمارکردنی دەنگەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی سانتلیگۆی 1.7 دەکرێت کە زیاتر چانسی بەدەستهێنانی کورسی دەدات بەو لیستانەی کە لە بازنەکانیاندا زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنن.
 
بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن رایگەیاند: "یەکێک لە چارەسەرەکانی نەفەوتانی دەنگی کورد گەڕانەوەیە بۆ پشتبەستن بە کورسی قەرەبوو بۆ ئەو دەنگانەی لە پارێزگاکانی دیکەن و نابنە خاوەنی کورسی."
 
دوایین هەڵبژاردن لە عێراق کە کورسی قەرەبووی هەبوو لە هەڵبژاردنی 2005ی پەرلەمانی عێراق بوو کە 45 کورسی قەرەبوو بۆ سەرتاسەری عێراق هەبوو بۆ ئەو دەنگانەی نزیک بوون لە بەدەستهێنانی کورسی لە بازنەکانیان بەڵام بەدەستیان نەهێنابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە