رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ئەگەر داوای لێ بکرێت، ئامادەیە ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق. گوتیشی، "ئەوەی زۆرترین دەنگ و کورسی بهێنێت، مەرج نییە ببێتە سەرۆکوەزیران" و باسی کڕين و فرۆشتنی کارتی دەنگدانیش دەکات و دەڵێت: "بە 150 بۆ 200 دۆلار کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە."
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند:" بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەوە پێوانە ناکرێت لە هەڵبژاردندا چەند دەنگت هێناوە، بەڵکو میکانیزم و رێکاری دیکەی هەیە".
مالیکی نموونەی بەوەهێناوە، خۆی 103 کورسیی هەبوو و نەبووەوە سەرۆکوەزیران، رەوتی سەدر 73 کورسییان هەبوو و نەیانتوانی سەرۆکوەزیران دیاری بکەن، لە کاتێکدا محەممەد شیاع سوودانی تەنیا 2 کورسیی هەبوو و بووە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمیش هیچ کورسییەکی نەبوو، بەڵام بووە سەرۆکوەزیران.
نووری مالیکی، رەتی کردەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بڕیاری دابێت سەرۆکوەزیران تەنیا یەک خول لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام دەڵێت: "دەبێت سەرۆکوەزیران لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بێت".
نووری مالیکی، دوو خول سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و ئێستا ناوی وەکو یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستە دەهێنرێت. لەوبارەیەوە دەڵێت، هەوڵی بۆ نادات، بەڵام ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگیی و دەوڵەتی یاسا بەربژێری بکەن و داوای لێ بکەن، ئەوا پابەندی داواکەیان دەبێت و خۆی بەربژێر دەکات.
نووری مالیکی،بەربژێری ژمارە 1ـی دەوڵەتی یاسایە لە پارێزگای بەغدا، ئاماژەی بەوەکرد، مەبەستی لە خۆبەربژێرکردنی ئەوە بووە خەڵکێکی زیاتر بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و هاندانیان بووە بۆ بەشدارییەکی چڕتر، چونکە لە رابردوودا بەشدارییان نەکردووە.
بە گوتەی مالیکی، تواناکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێندراون و داوای لە کۆمیسیۆن و دەستەی دەستپاکیی کردووە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەمە لە توانای ئەوان گەورەترە. مالیکی، دانی بەوەدا نا کارتی دەنگدانی بایۆمەتری بە 150 بۆ 200 دۆلار کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرێت و گوتی، کارتی بایۆمەتریی لایەنی بەرامبەر دەکڕدرێت، دواتر کارتەکە تێکدەدەن یان دەیسووتێنن بۆ ئەوەی دەنگی بەرامبەرەکەیان کەم بکەنەوە.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتییە و 9 کورسیشیان کۆتایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ