رووداو دیجیتاڵ
بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرانی "بەرەی گەل" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێنەپەڕاندووە، هەڵسووڕاوێکی بەرەکە دەڵێت، "پارەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و گوشاری ئەمنیش لەسەر بەربژێر و لایەنگرانمان هەیە."
ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 شادمان مەلا حەسەن، هەڵسووڕاوی "بەرەی گەل" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەربژێرانی لیستی "بەرەی گەلەکەمان" بەهۆی کێشەی دارایییەوە ناتوانن بانگەشە بکەن، چونکە حیزب هیچ پارەیەکی نییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن."
بەرەی گەل لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە نزیکەی دوو مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستبەسەرە. لەم هەڵبژاردنەدا لیستەکە بەناوی "بەرەی گەلەکەمان" بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، چونکە پارتەکە بەم ناوە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی وەرگرتووە.
بەرەی گەل لەدوای دەستبەسەرکردنی لاهوور شێخ جەنگییەوە، چەند جارێک باسی لە گوشاری ئەمنی بۆسەر لایەنگر و هەڵسووڕاوانی کردووە، شادمان مەلا حەسەن لەبارەی ئەو گوشارانەوە گوتی، "تاوەکو ئێستا بەردەوامن و هاونیشتمانیان ناتوانن بانگەشەمان بۆ بکەن."
هەڵسووڕاوەکەی بەرەی گەل ئاماژەی بەوەش كرد، گوشارە ئەمنییەکان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن، رۆژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەو کەسانە بانگهێشت دەکرێن کە بانگەشە بۆ بەرەی گەل دەکەن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. گوتیشی، "لە سنووری کەرکووک گوشار لە بەربژێر و لایەنگرانمان دەکرێت."
سەرچاوەیەکی باڵا لە پۆلیسی سلێمانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "پۆلیس رێگری لە هیچ لایەن و بەربژێرێک نەکردووە و نەمزانیوە هیچ هێزێکی ئەمنیی دیکە ئەو کارەی کردبێت."
زۆرینەی بەربژێرانی بەرەی گەل لەم هەڵبژاردنەدا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، وەک شادمان مەلا حەسەن گوتی، "پۆستەرمان لە هیچ شارێک هەڵنەواستیوە و جارێ دیاریش نییە دەتوانین چالاکی جەماوەری ئەنجام بدەین یاخود نا."
3ـی تشرینی یهکهمى 2025 بانگهشهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق دهستیپێکرد و تاوهکو 8ـی تشرینی دووهم بهردهوام دهبێت.
ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق له 11ـی تشرینی دووهمی ئهم ساڵ دهکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهکان ناوی 7768 بهربژێری پهسند کردووه بۆ ئهوهی لهو ههڵبژاردنهدا رکابهری بکهن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ