دلاوەر ئاژگەیی: نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆدەبێتەوە

14-02-2025
پەیمان محەممەد
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ زانا کایانی، پێشکێشکاری رووداو.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ زانا کایانی، پێشکێشکاری رووداو.
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بۆ پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. گوتیشی، هەر لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتان کۆدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 14-02-2025، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ساڵانی پێشوو کۆنفرانسەکە زیاتر لەژێر کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و رووسیادا بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی رووخانی رژێمی ئەسەد و گۆڕانکاریی ناوچەکە، چاوەڕوان دەکرێت دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باڵ بەسەر تەوەرەکانی کۆنفرانسەکەدا بکێشێت.''
 
61ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 14 تاوەکو 16 شوباتی 2025 لە میونشن بەڕێوەدەچێت، کۆنفرانسەکە سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە. 
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی: ''چاوەڕوان دەکرێت داوا لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکرێت کە زۆرترین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی جیهان، بەتایبەتی بەرپرسانی ئەورووپا بکات.''
 
دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئاشتییەوە رۆڵی بینیوە بۆ چارەسەری کێشەکان، ''بۆیە ئەوە گرنگە بۆچوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەسەر دۆخەکە (ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست) بزانن، لەبەر ئەوەی وەکو کەسێکی ناوچەکە و کەسایەتییەکی جیهانی، توانیویەتی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان پەیوەندی دروست بکات.''
 
دلاوەر ئاژگەیی، بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە "گرنگ" زانی و گوتی: ''ناوچەکە بە گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت، ئەگەر تۆ لەوێ ئامادە نەبیت، یان ئامادە بیت و گوێ لە بۆچوونەکانت نەگیرێت و ئەو پەیوەندییەت نەبێت لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، بێگومان هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبێت و ناتوانێت لەو گۆڕانکارییانەی لەئارادا دەبن، بەشدار بێت و رێز لە بەرژەوەندییەکانی بگیرێت، بۆیە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەو کۆنفرانسەدا، بەتایبەتی ئەم ساڵ زۆر زۆر گرنگە.''
 
دوای ئەوەی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، گۆڕانکارییەکی بەرچاو رووی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. ئەو نوێنەرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ''هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا دراوسێیە، جیا لەوەش بەشێکی کوردستان لە سووریادایە، بۆیە چاوەڕانی لە هەرێمی کوردستان هەیە زیاتر لە جاران رۆڵ ببینێت، لایەنەکان لە یەکدی نزیک بکاتەوە و بتوانێت فاکتەرێک بێت بۆ سەرهەڵنەدانی قەیرانەکان لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە سووریا.''
 
لەبارەی خشتەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دلاوەر ئاژگەیی گوتی: ''ئەوەی کە من ئاگادار بم لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە سەرکردە گرنگەکانی جیهان کۆدەبێتەوە، یەکێک لەوانە ئورسولا ڤۆن دێر لێین، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەورووپایە کە باڵاترین دەسەڵاتی یەکێتییەکەیە، بێگومان کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ دەبێت، چونکە ڤۆن دێر لێین نوێنەرایەتیی 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات''.
 
کۆنفرانسی میونشن، گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایشی جیهانییە کە ساڵانە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی 1963ـەوە دەبەسترێت.
 
هەموو ساڵێک سەدان کەسایەتی گرنگی جیهانی لەم کۆنفرانسەدا بەشداری دەکەن و باس لە گرنگترین کێشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی جیهانی دەکەن. کۆنفرانسەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە نزیککردنەوەی روانگەکان و دروستکردنی متمانە لە نێوان وڵاتاندا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنمی دەشتی هەریر. وێنە: دیلمان خورشید - رووداو/ئەرشیڤ

لە 24 کاژێردا زۆرترین باران لە هەورامان باریوە؛ مەترسی کەمبارانی لەسەر دانەوێڵە ماوە؟

بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە 24 کاژێری رابرداوودا زۆرترین بڕی باران لە پارێزگای هەڵەبجە باریوە، دواتر سلێمانی، هەولێر و کەرکووک. کەشناسان و بەرپرسانی کشتوکاڵ دەڵێن، لە زۆرینەی ناوچەکان مەترسی وشکەساڵی نەماوە