رووداو دیجیتاڵ
سەرلیستی نەوەی نوێ لە سلێمانی دەڵێت، دوای بڵاوبوونەوی تۆمارە دەنگییەکەی، تەلەفۆن لە شاسوار عەبدولواحید سنووردار کراوە بۆ 15 خولەک. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، تەلەفۆنکردنی شاسوار عەبدولواحید سنووردار نەکراوە.
سروە عەبدولواحید، سەرلیستی نەوەی نوێ لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای بڵابوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، تەلەفۆن لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کەم کراوەتەوە.
سەرلیستی نەوەی نوێ روونیکردەوە، شاسوار عەبدولواحید لەمەودوا تەنیا دەتوانێت بۆ ماوەی 15 خولەک تەلەفۆن بەکاربهێنێت و قسە لەگەڵ کەسوکاری بکات، لە کاتێکدا هەر زیندانییەک لە 15 کاژێردا (لە 8:00ی بەیانی بۆ 11:00ی شەو) مافی قسەکردنی بە تەلەفۆن هەیە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، کارەکە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە کراوە کە تەلەفۆنەکانی چاکسازییەکانی دابینکردووە.
بە گوتەی سروە عەبدولواحید، براکەی 10 پەیامی بۆ ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادە کردووە، کە خۆی لە پەیام بۆ هێزە ئەمنییەکان و توێژە جیاوازەکان دەبینێتەوە، بە پەیامی کۆتایی هەڵبژاردنیشەوە.
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد؛ هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
رۆژی 11ی تشرینی یەکەمی 2025 جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە تۆمارێکی دەنگیی شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد.
شاسوار عەبدولواحید داوای لە هاونیشتمانییان کرد بە شێوەیەکی فراوان بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن و گوتی، "ئەگەر رێژەیەکی کەمی هاونیشتمانییان بەشداری هەڵبژاردن بکەن، دۆخی خەڵک خراپتر دەبێت."
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەکردنی تەلەفۆن لە شاسوار عەبدوالواحید رەتدەکاتەوە. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە رووداوی گوت، "لە چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە کە شاسوار عەبدولواحیدی لێ زیندانی کراوە، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان پێنەگەشتووە."
روونیشكردەوە، بە بڕیاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەبێت هێڵەکانی پەیوەندیکردن لە زیندانەکان بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان زیندانیکراوان بەکاربهێندرێن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان هەر هۆڵێکی چاکسازییەکانی نزیکەی 40 زیندانیکراوی تێدان، بۆیە هەر زیندانیکراوێک نزیکەی 30 خولەک پەیوەندیکردنی بەردەکەوێت.
ئیحسان عەبدولڕەحمان دڵنیایی لە دۆخی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان دا و گوتی، "بەشێوەیەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵ کراوە و لە ژوورێکی سەربەخۆدا زیندانیکراوە کە تەلەڤیزیۆن و کەلوپەلی دیکەشی تێدایە و جیاوازە لە زیندانیکرەاوەکانی دیکە."
شەوی 12ی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیر کرا. لە دانیشتنی سێیەمی دادگادا لە رۆژی 02ـی ئەیلوول، بە پێنج مانگ بەندکردن سزا درا.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 9 کورسییە، لە پەرلەمانی کوردستانیش 15 کوردسی هەیە و خۆی وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن ناساندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ