سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی برەودان بە پەیوەندییەکان دەکەن

15-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و جان نۆوێل بارۆ لە میونشن
کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و جان نۆوێل بارۆ لە میونشن
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی و ژان نۆوێل بارۆ لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە بره‌ودان به‌ پەیوەندیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا، پته‌وكردنى هاوکاری لە بوارى سیاسی، ئەمنی و ئابووری دا کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "نێچیرڤان بارزانی پێزانینی گه‌لى كوردستانى بۆ دۆستايه‌تى و پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان ده‌ربڕى، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتگیریی سەقامگیریدا، هه‌روه‌ها جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كان لەگەڵ فەرەنسادا، کردەوە."
 
هەروەها ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، گرنگیدانی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمى كوردستانیش لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد.
 
وەزیرە فەرەنسییەکە نوێکردنەوەی پابەندیی فەرەنسای بۆ پشتگیری له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌ ئەمنیيه‌كاندا، راگەیاند.
 
پێشهاته‌كانى سووريا، به‌تايبه‌تيش دۆخى كورد له‌و وڵاته‌ و ره‌وشى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست به‌گشتى، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
 
بەپێی راپۆرتی ئەمساڵی پێش دەستپێکی کۆنفرانسەکە، 65%ـی سەرکردەکان نیگەرانن لە زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.   
گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیرە فەرەنسییەکە لەکاتێکدان؛ دۆستایەتیی زۆر لەنێوان فەرەنسا و کورد دا هەیە لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش، بەجۆرێک ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا 13-2-2025  لە پاریس لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە سووریا رایگەیاند، "قەرزاری هەسەدەین و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان دەکەین."
 
61ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن 14-2-2025 دەستیپێکرد و تاوەکو 16ـی شوبات بەردەوام دەبێت. بەگوتەی دڵشاد شەهاب، هەرێمی کوردستان بەگشتی 10 جار و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش 6 جار لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بووە، ''ئەمەش بۆ کاریگەریی پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە کە بێگومان جێگەی تێڕوانینی زلهێزەکانە.''
 
ساڵانە سەدان کەسایەتی گرنگی جیهانی لەم کۆنفرانسەدا بەشداری دەکەن و باسی گرنگترین کێشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی جیهانی دەکەن. کۆنفرانسەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە نزیککردنەوەی روانگەکان و دروستکردنی متمانە لەنێوان وڵاتاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ

لافاو لە قەرەهەنجیر زیانی بە 10 گوند گەیاندووە؛ پردێک مەترسیی رووخانی لەسەرە

بەهۆی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە، لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیری کەرکووک زیان بە زیاتر لە 10 گوند گەیشتووە و پردێکیش مەترسیی رووخانی لەسەرە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، تیمەکانیان دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی زیانەکان.