رووداو دیجیتاڵ
لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا سنووری چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کراون کە هاوسنوورن لەگەڵ پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە. بەرپرسانی ئەو ناوچانە دەڵێن، تاوەکو ئێستا پریشکی شەڕیان بەرنەکەوتووە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی پارێزگای هەولێر، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چەند ناوچەیەکی هەڵەبجە هاوسنوورن لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت دەڤەری هەورامان. بەرپرسانی ئەو ناوچانە دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ جەنگی ئیسرائیل و ئێران کاریگەری لەسەر ناوچەکانیان نەبووە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی ناوچەکانمان کە هاوسنوورن لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ئارامە و هیچ گرفتێک لەئارادا نییە".
هاوکات بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە گشتی دۆخەکە ئارامە".
شەوی رابردوو دەنگۆی خستنەخوارەوەی درۆنێک لە هەولێر بڵاوکرایەوە. بەرپرسە ئاگادارەکەی پارێزگای هەولێر گوتی: "بابەتی ئەمنی هەستیارە و نابێت هاونیشتمانیان بخرێنە دڵەڕاوکێوە. ئەگەر رووداوی نەخوازراو رووبدات، بێگومان لایەنی ئەمنی لێکۆڵینەوە دەکات و زانیاری لەکاتی پێویستدا دەخاتەڕوو".
یەکێک لەو شوێنانەی لە سێ رۆژی رابردوودا چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە بە قورسی بۆردوومان کراوە، قەسری شیرینە لە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لێرە دۆخەکە ئارامە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ زیانێکی شەڕەکە بەر سنوورەکەمان نەکەوتووە".
پێنجوێنیش هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوان لە پارێزگای سنە. هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی ناوچەکەمان زۆر ئارامە؛ هیچ شوێنەوارێکی شەڕ یان پاشماوەی جەنگ لە سنوورەکەمان نییە".
هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان. فەیسەڵ محەممەد، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆ و بازرگانی لە سنوورەکەمان لەگەڵ ئێران ئاساییە و هیچ دۆخێکی نەخوازراوی پاشماوەی جەنگیش لە سنوورەکەمان رووینەداوە".
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "لە شاری هەڵەبجەوە تاوەکو هەورامان و هەموو سنووری پارێزگاکە دۆخەکە ئارامە؛ هیچ رووداوێکی نەخوازراو بەهۆی جەنگەوە لە ناوچەکەمان رووینەداوە".
هەر ئەمڕۆ بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە بە رووداویان گوت، تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی جەنگەوە هیچ هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو پەنابەر لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ