رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی جەخت لە جێبەجیێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق دەکاتەوە و دەشڵێت، "رێگە نادەین عێراق بۆ دیکتاتۆرییەت و دواوە بگەڕێتەوە".
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵێکدا لە هەولێر کە بۆ ناساندنی بەربژێرانی کەرکووکی حیزبەکەی رێکخرا بوو رایگەیاند: "ئێستا پارتی بەهێزترین حیزبی سیاسییە و دەمانەوێت لە بەغدا بەرگریی لە مافی خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق بکەین".
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێ: "هەندێک لایەن لەجیاتی بەرگریکردن لە مافی خەڵک تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کاریان کردووە، بۆیە بەربژێرەکانمان دەچنە بەغدا داوای مافی خەڵکی ستەملێکراو بکەن نەوەکو رێککەوتنی ژێربەژێر بکەن".
پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێکی سەرەکی کارنامەکەی تایبەت کردووە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تایبەت جێبەجێکردنی مادەی 140 دەستوری عێراق.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، پارتی لە کارنامەکەیدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڵێن دەدات: "لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ، هەموو هەوڵەکان دەخەینە گەڕ و کار دەکەین لەپێناو گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان".
جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی، پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لە "جێبەجێکردنی (140)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ و میکانیزمەکانی: (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، راپرسی) و کۆتاییهێنان بە رەوشی خراپی ئەو ناوچانە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەیان" کردووەتەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لایەنگرانی حیزبەکەی لە کەرکووک جەختی لە جێبەجێکردنی مادەی 140 وەکو خۆی دەکاتەوە و دەڵێت: "بەربژێرەکانمان بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 دەچنە بەغدا".
مەسرور بارزانی راشیگەیاند: "کەرکووک بەدەست پارتییەوە بێت دەبێتە نموونەی پێکەوەژیان لە هەموو جیهان، دەیانەوێ پرۆژەی رووناکی بگاتە کەرکووک، دەبێ خانەقین، شنگال، زوممار و ناوچەکان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "شەڕی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق دەبێ بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، نابێ دەستوور ببێتە بژاردەی دەستی هەندێ کەس".
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەکانیدا داوا لە دەنگدەرانی دەکات دەنگەکانی حیزبەکە بگەیێننە یەک ملیۆن دەنگ، نێچیرڤان بارزانی چەند جارێک ئەو داوایەی لە دەنگدەرانی پارتی کردووە و مەسرور بارزانیش جەختی لێدەکاتەوە و دەڵێ: "برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان چاڵێنجی یەک ملیۆن دەنگی راگەیاندووە".
پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک بوو لە پەیامەکانی مەسرور بارزانی کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کورستانە بۆ سەرۆکایەتیی کابینەی دەیەم و رایگەیاند: "رێگریکردن لە پێکهێنانی حکومەت دەستکەوت نییە تاوەکو شانازی پێوە بکرێت."
لەبارەی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و مافەکانی کوردیشەوە مەسرور بارزانی دەڵێت: "بودجە، مادەی 140 و بژێویی خەڵک کراونەتە گوشاری سیاسی، دەستوورمان نووسییەوە بۆ ئەوەی کەس دەستوور پێشێل نەکات".
مەسرور بارزانی روونیشکردەوە: "پێویستە ئەمجارە لە پەرلەمان شەڕی یاسایی بکەن و چیدیکە رێگە نادەن عێراق بۆ دیکتاتۆرییەت بۆ دواوە بگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ