ئەردۆغان: جینۆسایدی غەززە و جەنگی ئێران، بە خێرایی بەرەو خاڵێک دەچن کە گەڕانەوەیان نییە

20-06-2025
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل - ئێران رایگەیاند، "بەداخەوە ئەو جینۆسایدەی لە غەززە و ئەو جەنگەی لە ئێران روودەدەن، بە خێرایی بەرەو خاڵێک دەچن کە گەڕانەوەیان نییە." داوای لە زلهێزەکانی جیهان کرد کاریگەرییەکانیان بۆ ئاگربەست و ئارامی لە ناوچەکە بەکاربهێنن. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ئیستەنبووڵ بەشداریکرد لە کۆڕبەندی گەنجانی موسڵمانان لە چوارچێوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە بڕیارە رۆژانی 21-22 وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە کۆببنەوە. تێیدا گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشێک لە گوتارەکەی تایبەت کرد بۆ دۆخی غەززە و جەنگی نێوان ئیسرائیل - ئێران و رایگەیاند، وەک جیهانی ئیسلامی بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕین. بەداخەوە هەوری جەنگ، شەڕ و پێکدادان و ناسەقامگیریی باڵی بەسەر ئاسمانی جوگرافیای شارستانیماندا کێشاوە. 
 
گوتی: "ئەو کەسانەی لە غەززە لە پێناو وەرگرتنی پارچەیەک نان و قاپێک شۆربا ریزیان بەستووە، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان دەکرێتە سەر. باسکردنی تاوانی جەنگ لەلایەن ئەوانەی غەززەیان کردووەتە گەورەترین کەمپی کۆکردنەوە لە جیهاندا، تەنیا نەگونجاو نییە، بەڵکو شەرمەزاریی و بێشەرمییەکی گەورەیە." 
 
ئەردۆغان هەر لەبارەی ئیسرائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوتی: "بەرپرسی سەرەکیی جینۆسایدی غەززە حکوومەتەکەی نەتەنیاهوو-یە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی بێدەنگن بەرامبەر کوشتارەکانی ئەم تۆڕی تاوانکاریە، بوونەتە هاوبەشی ئەم تاوانانە." 
 
سەبارەت بە سکاڵای ئیسرائیل بەوەی ئێران نەخۆشخانەکانیان دەکاتە ئامانج، رایگەیاند: ئیسرائیل کە ئەمڕۆ سکاڵا لە زیان گەیشتن بە نەخۆشخانەکانی دەکات، تەنیا لە غەززە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 700 هێرشی کردووەتە سەر یەکە تەندروستییەکان. ماوەی 21 مانگە یەکێک لە شەرمەزارترین دڕندەییەکانی سەردەمی نوێ لە غەززە روودەدات. 
 
گوتیشی: "پێویستە ئەو هێزانەی کاریگەریان لەسەر ئیسرائیل هەیە، فریوی گەمەی نەتەنیاهوو نەخۆن و کاریگەرییەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست و ئارامیی لە ناوچەکەمان بەکاربهێنن." 
 
باسی لەوەشکرد کە سەرەڕای سیاسەتەکانی چاوترساندنی لۆبی زایۆنیستی دەرهەق بە خۆمان و حکوومەتەکەمان، هەرگیز هەڵوێستمان تێکنەداوە و سڵمان نەکردووەتەوە لە پشتیوانیکردنی ستەمدیدەکان. گوتی: "نەتەنیاهوو و حکوومەتەکەی بەهۆی ئەو ستەمانەی چەند مانگێکە لووتبەرزانە ئەنجامی دەدەن، ناویان لە پاڵ ستەمکارانێکی وەک هیتلەر و پۆل پۆت نووسیوەتەوە." 
 
هەر لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل-ئێران، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە پێش ئەوەی وێرانکاری، خوێنڕێژی، لەدەستدانی هاووڵاتی مەدەنی زیاتر و کارەساتێکی ترسناک رووبدات، واز لە شەڕ و پێکدادان بهێنن و گوتی: "بەداخەوە ئەو جینۆسایدەی لە غەززە و ئەو جەنگەی لە ئێران روو دەدەن، بە خێرایی بەرەو خاڵێک دەچن کە گەڕانەوەیان نییە." 
 
بەرەبەیانی رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران. لە کاردانەوەی هێرشەکەدا، ئێران ئێوارەی هەمان رۆژ بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و چەند شارێکی دیکەی ئیسرائیل. جەنگەکە هەفتەیەکە بەردەوامە و هەردوولا هێرشی چڕ دەکەنە سەر یەکدی. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە