رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمرۆی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: "وەڵامی تووندمان دەبێت."
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامەکەیدا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و رایگەیاندووە، ''رژێمی زایۆنی لە بەیانیی ئەمڕۆدا دەستی پیس و خوێناویی خۆی بۆ تاوانێک لە وڵاتی خۆشەویستمان درێژ کرد و بە لێدانی ناوەندە نیشتەجێبوونەکان زیاتر لە جاران سرووشتی گڵاوی خۆی ئاشکرا کرد''.
خامنەیی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات و دەڵێت، ''ئەو رژێمە دەبێت چاوەڕێی سزای سەخت بکات. دەستی بەهێزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئیزنی خودا دەستی لێ هەڵناگرێت.''
رێبەری ئێران پشتڕاستی دەکاتەوە ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشەکەدا کوژراون و ئاماژەی دا، ''جێگرەوە و هاوکارانیان بێ دواکەوتن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، ئینشائەڵڵا.''
جەختیشی لەوە کردەوە، ''رژێمی زایۆنی بەم تاوانە، چارەنووسێکی تاڵ و بەئازاری بۆ خۆی دێنێتە ئاراوە و بێگومان وەریدەگرێت.''
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13-06-2025، چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.
دەقی پەیامەکە:
گەلی مەزنی ئێران!
رژێمی زایۆنی لە بەرەبەری بەیانیی ئەمڕۆدا، دەستی پیس و خوێناویی خۆی بۆ تاوانێک لە وڵاتی خۆشەویستمان درێژ کرد و بە لێدانی ناوەندە نیشتەجێبوونەکان زیاتر لە جاران سرووشتی گڵاوی خۆی ئاشکرا کرد. ئەو رژێمە دەبێت چاوەڕێی سزای سەخت بکات. دەستی بەهێزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئیزنی خودا دەستی لێ هەڵناگرێت. لە هێرشەکانی دوژمن، چەندین فەرماندە و زانا شەهید بوون. جێگرەوە و هاوکارانیان بێ دواکەوتن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، ئینشائەڵڵا. رژێمی زایۆنی بەم تاوانە، چارەنووسێکی تاڵ و بەئازاری بۆ خۆی دێنێتە ئاراوە و بێگومان وەریدەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ