حەلبووسی: سوننە بڕیار دەدات، پۆستی سەرۆککۆماری دەوێت یان سەرۆکی پەرلەمان

01-11-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم باس لە بژاردەی بەردەم سوننە دەکات لە حکومەتی نوێ و دەڵێ: "سوننە خۆیان بڕیار دەدەن چییان دەوێت؛ "سەرۆکایەتیی کۆمار یان ئەنجوومەنی نوێنەران."
 
قسەکانی سەرۆکی پارتی تەقەدووم شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی پارتەکەی بوو لە پارێزگای ئەنبار.
 
محەممەد حەلبووسی رایگەیاند: "پشتیوانیی هەڵبژاردەکانی شیعە دەکەین بۆ سەرۆکوەزیران، دوای ئەوانیش عەرەبە سوننەکان هەڵدەبژێرن بڕیار دەدەن کە سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵدەبژێرن یان سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و ماف بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێتەوە."
 
لە پێنج خولی رابردوودا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق،سێ پۆستی باڵا، سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دابەشکراون، سەرۆکوەزیران وەکو پشکی شیعە دانراوە، سەرۆککۆمار بۆ کورد و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بۆ سوننە.
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە و لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لادرا. بۆ ئەم هەڵبژاردنە، حەلبووسی سەرلیستی تەقەدوومە لە بەغدا.
 
سەرۆکی پارتی تەقەدووم بە پارت و لایەنە سوننەکانی رکابەری گوت: "دەیانگەڕێنمەوە شوێنی سرووشتیی خۆیان، لە کۆتایی دیوەخانەکە دادەنیشن، دەنگیان نزم دەکەنەوە و داوای مۆڵەت دەکەن ئینجا قسە دەکەن". بێ ئەوەی روونی بکاتەوە مەبەستی چ لایەنێکە.
 
بە بڕوای حەلبووسی: "هەندێکجار خەڵکی ناحەق وا دەزانن لەسەر حەقن، بەڵام ناهەقن. لەکۆتاییدا هەموو خاوەن مافێک مافی خۆی وەردەگرێتەوە."
 
پارتی تەقەدووم بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمان لە شەش پارێزگا بە 301 بەربژێر بەشداری کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە