مەشعان جبووری: ئەمە دوایین هەڵبژاردنە گرووپە چەکدارەکان بەشداری تێدا دەکەن

03-11-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەشعان جبووری، سەرۆکی پارتی وەتەن و یەکێک لە بەرپرسانی هاوپەیمانیی "سقوورنا" کە هاوپەیمانییەکی عەرەبی سوننەیە، رایگەیاند، ئەمە دوایین هەڵبژاردن دەبێت گرووپە چەکدارەکان بەشداریی تێدا دەکەن و سەردەمی کودەتا و تێکدان کۆتایی هاتووە.
 
رۆژی دووشەممە، 3-11-2025، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شاری بەعقووبە، ناوەندی پارێزگای دیالە، مەشعان جبووری، رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە لە بەردەم ئاڵنگاریی گەورەداین و رۆژانی باشتر چاوەڕێی عێراق دەکەن. رەنگە بە سەختی تێپەڕن، بەڵام ئەمە دوایین هەڵبژاردنە گرووپە چەکدارەکان بەشداریی تێدا دەکەن."
 
جبووری، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەڵبژاردنە دوایین هەڵبژاردن دەبێت "بۆ ئەوانەی جێگەی خۆشەویستی نین، مەبەستم ئەوانەن کە دەستوەردان لە کاروباری عێراق دەکەن و عێراقیان بەم دۆخەی ئێستا گەیاندووە."
 
سەرۆکی پارتی وەتەن، جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانییەکەیان "مەدەنییە و پڕۆژەکەمان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور و پابەندبوون پێوەی و رێزگرتن لە یاسا بنیاتنراوە، کە دەبێت بە یەکسانی جێبەجێ بکرێت." گوتیشی: "سەردەمی کودەتا کۆتایی هاتووە و تێکدان هیچ بەرهەمێکی نییە. عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوومان دەوێت، نەک وڵاتێکی تائیفی. ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەبێت."
 
مەشعان جبووری، پێیوابوو ئەم هەڵبژاردنە ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە دروست ناکات کە چاوەڕێی دەکەن، "بەڵام رەنگە زیانەکان کەم بکاتەوە و نوێنەرانیان بتوانن یاسای دادپەروەرانە دەربکەن."
 
لە کۆتاییدا، جبووری داوای لە هەمووان کرد بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن و دەنگی خۆیان بدەن.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، 320یان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە