نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: مۆڵەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراقمان نییە

03-11-2025
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، مۆڵەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان نییە، بەڵام هاوکاریی تەکنیکیی بەهێز پێشکێشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن.
 
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە رۆڵی رێکخراوەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا رایگەیاند: "نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی نییە."
 
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان روونیکردەوە، ئەوان رۆڵێکی گرنگی تەکنیکییان هەیە و گوتی: "ئێمە هاوکاریی تەکنیکیی بەهێزی هەڵبژاردن پێشکێش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش کاری ئێمە بووە بۆ 17 هەڵبژاردنی پێشوو لە ساڵی 2004ـەوە."
 
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە کە "نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی تەکنیکی پێشکێش دەکات بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرەپێدانی شەفافیەت، گشتگیری و متمانە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا."
 
سەبارەت بە بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە هەڵبژاردنەکان و کاریگەرییان لەسەر پاکی و بێگەردیی پرۆسەکە، فەرحان حەق گوتی: "تۆمارکردنی پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق پڕۆسەیەکی نیشتمانییە و لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بەپێی یاسا و رێساکانی عێراق بەڕێوەدەچێت."
 
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، نزیکەی 20 گرووپی چەکدار هەندێکیان بە ئاشکرا و بە لیستی خۆیان یان لە چوارچێوەی لیستەکانی دیکە بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی فەرحان حەق:
 
رووداو: هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە بڕیارە نزیکەی هەفتەیەکى دیکە بەڕێوەبچن، ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ رۆڵێک لەو هەڵبژاردنانەدا دەگێڕێت؟ هەروەها، ئایا ئاگاداری بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکانن لەم هەڵبژاردنەدا؟ ئایا نابنە هەڕەشە بۆ سەر پاکی و بێگەردی دەنگدانەکە؟
 
فەرحان حەق: لەبارەی پرسیارەکەت دەربارەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێتان دەڵێم کە نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقی نییە. ئێمە هاوکاری تەکنیکی بەهێزی هەڵبژاردن پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن، کە ئەمەش کاری ئێمە بووە بۆ 17 هەڵبژاردنی پێشوو لە ساڵی 2004ـەوە. سەبارەت بە تۆمارکردنی گرووپە چەکدارییەکان، دەتوانم بڵێم کە تۆمارکردنی پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق پڕۆسەیەکی نیشتمانییە و لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە  بەپێی یاسا و رێساکانی عێراق بەڕێوەدەبرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری تەکنیکی پێشکەش دەکات بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرەپێدانی شەفافیەت، گشتگیری و متمانە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد عەباسی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەسریاسا-ی فیدراڵی

ئەحمەد عەباسی بۆ رووداو: هەنگاوی یەکەم بۆ کاراکردنی بە هەرێمکردنی بەسرە دەنێین

جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەسریاسا-ی فیدراڵی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پرۆژەی بە هەرێمکردنی بەسرە دوا و رایگەیاند، ئەم جارە هەنگاوی زۆر بەهێز دەنێن و پشتیوانی جەماوەریی زۆریشیان هەیە. جەختی کردەوە، سوود لە ئەزموونی فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.