عێراق
گەنجێک پۆستەرێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ستوونێکی کارەبادا هەڵدەواسێت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2025 دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کۆمەڵێک رێنوێنیی بۆ دامەزراوە و پلاتفۆرم و سەکۆکانی راگەیاندن دەرکرد، سەبارەت بە رۆژی "بێدەنگیی هەڵبژاردن،" کە لە 8ی تشرینی دووەمی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
دەستەکە رایگەیاندووە، "جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوونی هەموو دامەزراوە و پلاتفۆرم و سەکۆکانی راگەیاندن دەکەینەوە بە مادەی 6 بڕگەکانی: 2 و 4 و 5ی پەیڕەوی یاساکانی رووماڵکردنی راگەیاندن لە هەڵبژاردنەکاندا."
بەپێی دەستەکە، بڕگەی دووەمی ئەو مادانە دەڵێت، "راگەیاندنەکان بۆیان نییە هیچ رووماڵێکی هەڵبژاردن بۆ هیچ قەوارە یان هاوپەیمانییەک یان بەربژێرێک بکەن لە ماوەی بێدەنگیی راگەیاندندا، کە لە کاتی کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە 8ی تشرینی دووەمی ئەم مانگەدا دەست پێدەکات و بە داخستنی دوایین بنکەی دەنگدان کۆتایی دێت."
هەروەها بڕگەی چوارەم دەڵێت، "پەخش نەکردنی ئەو بابەتانەی هەڵگری هەر جۆرە پڕوپاگەندەیەکی هەڵبژاردنی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بن بۆ هیچ کام لە قەوارە و هاوپەیمانییە کێبڕکێکارەکان لە هەڵبژاردنەکاندا یان بەربژێرەکان."
بڕگەی پێنجەمی مادەی شەشەمی پەیڕەوی یاساکانی رووماڵکردنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "هەر قسەیەک یان بابەتێکی راگەیاندن کە ئاماژەیەکی لەگەڵ یان دژی بەربژێرێک یان قەوارەیەکی سیاسی تێدا بێت، بە بانگەشەی هەڵبژاردن دادەنرێت و ئەمەش بەسەر پرۆگرام و گفتوگۆ و بابەتە دووبارە پەخشکراوەکاندا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە لە ماوەی بێدەنگیی هەڵبژاردندا."
نەبەرد عومەر، بەرپرسی لقی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو راگەیاندنانەی دەیانەوێت رووماڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، دەبێت رەزامەندیی کۆمیسیۆن وەربگرن و بەبێ باجی کۆمیسیۆن رێگەیان پێنادرێت رووماڵ بکەن.
باسی لەوەش كرد، هەموو ئەو میدیا ناوخۆییانەی لە وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارن، مافی رووماڵکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیان پێ دەدرێت.
140 بنکە بۆ رووماڵی هەڵبژاردن
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 140 بنکەی بۆ رووماڵی رۆژی دەنگدان لە 9 و 11ی تشرینی دووەم دیاریکردووە، کە 41 بنکەیان لە هەرێمی کوردستانن. بنکەکان پێکهاتوون لە بنکەی دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بازنەی بەغدا، کە گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە 15 بنکە، کەربەلا سێ بنکە، نەجەف دوو بنکە، بابل 14 بنکە، دیوانییە سێ بنکە، مەیسان چوار بنکە، موسەننا دوو بنکە، واست دوو بنکە، بەسرە هەشت بنکە، زیقار یەک بنکە، ئەنبار پێنج بنکە، دیالە پێنج بنکە، سەڵاحەدین هەشت بنکە، نەینەوا 10 بنکە، کەرکووک 15 بنکە.
لە هەرێمی کورستان 41 بنکەی دەنگدان بۆ رووماڵی دەزگاکانی راگەیاندن دیاریکراون و بەسەر شار و شارۆچکەکاندا دابەشكراون، هەولێر 15 بنکە، سلێمانی 18 بنکە، دهۆک نۆ بنکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ