نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتی فەرمیی سوودانی لە بەغدایە

17-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چاوی بە ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان دەکەوێ کە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە پایتەختی عێراقن. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 17ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی راگەیاند: "ئەم سەردانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی به‌ڕێز محەممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆکوە‌زیرانی عێراقی فیدراڵه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی سازدانی کۆبوونه‌وه‌ی کۆمکاری وڵاتانی عه‌رەبیدا دێت که‌ له‌ به‌غدا بەڕێوەدەچێت."
 
گوته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا که‌ "ئه‌م بانگهێشته‌ی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، دووپاتکردنەوەی ئاماده‌ییی کارای جه‌نابیانه‌ لە هاوکێشەکانی ناوچەکە، هه‌روه‌ها نیشانه‌ی ئامادەیی و پێگه‌ی هەرێمی کوردستانه‌ لە کایەکانی دەوڵەتی فیدراڵدا." 
 
بڕیارە لەدوای بەشداریکردنی لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بچێتە تاران. 
 
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، رۆژی هەینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک دەچێتە تاران.
 
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە (کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران) کە لە لایەن (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێک دەخرێ.
 
کۆڕبەندەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18-5-2025 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت.
 
سەعید خەتیبزادە، سەرۆکی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، لە 53 وڵاتی جیهانەوە شاند بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆڕبەندەدا بانگهێشت کراون.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە