رووداو دیجیتاڵ
میری قەتەر ئەمڕۆ شەممە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی گەیشتە بەغدا و دوای جێهێشتنی بەغدا، لە سۆشیاڵ میدیادا دەنگۆی زوویربوونی و بەتووڕەیی جێهێشتنی بڵاوکرایەوە. سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقیش دەنگۆکان رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی ئایار، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "میری قەتەر دوای ئەوەی گوتاری خۆی لە لووتکەکەدا پێشکێش کرد، بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی بەغدای جێهێشت و رێوڕەسمی ماڵئاوایی لێکردنیشی بەشێوەیەکی پرۆتۆکۆلی بەڕێوەچوو."
ئاژانسی هەواڵی قەتەریش بڵاویکردەوە: "شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری وڵات، ئەمڕۆ بەغدای پایتەختی عێراقی جێهێشت، دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی شاندی دەوڵەتی قەتەری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کرد."
ئاژانسەکە دەڵێت: "لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە میر و شاندی یاوەری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و کۆمەڵێک لە گەورە بەرپرسانی عێراق بەشداربوون."
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس رایگەیاند: "سوپاسی هەوڵەکانی کۆماری عێراق دەکەین بۆ چەسپاندنی پەیوەندیی برایەتی و رۆڵی کاریگەرانەی لە پشتیوانیکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی."
لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بە بەشداریی کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ