بەربژێرەکەی یەکێتی لە دیالە بە کەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازاد کرا

29-10-2025
زانیار بەهادین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو بەربژێرەی یەکێتی کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو لە دیالە بە کەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازاد کرا، دوای ئازادکردنیشی قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێ :" تاوەکو رۆژی دادگەییکردنم ئازادکراوم".
 
نزار سامان، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی چوارشەممە 29-10-2025  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ سکاڵام لەسەر تۆمارکرابوو، چوومە بەردەم دادوەر و دادگە بە کەفالەتی پێنج ملیۆن دینار تاوەکو رۆژی دادگەییکردنم ئازادی کردم."
 
نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە، بە تۆمەتی چوونە سەر بازگەیەک لە سنووری پارێزگای دیالە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نزار سامان، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دیالە و ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکە دەرچوو. 
 
بەربژێرەکەی یەکێتی رەتیکردەوە لە کاتی چوونە بازگەکەی دەروازەی خانەقین هیچ گرژیەک دروست بوبێت و دەڵێ: "تەنیا داوای لابردنمان کردووە، هیچ گرژییەکمان دروست نەکردووە، بەڵام تۆمەتی هێرش کردنمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە خراوەتە پاڵ".  
 
نزار سامان لەبارەی سکاڵاکانەوە دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای دیالە سکاڵاکەیان تۆمار کردووە، سێ سکاڵا لە دژی من و چوار سکاڵاکەشی لە دژی ئەوس مەهداوییە. "
 
باسی لەوەشكرد، تاوەکو ئێستا ئەوس مەهداوی نەچووەتە بەردەم دادوەر و رەنگە رۆژی پێنجشەممە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بچێتە بەردەم دادوەر، جارێ خەریکی راوێژکردنە چونکە چوونی ئەو بە سیفاتی ئەندامی ئەنجوومەن بووە. 
 
ئەوس مەهداوى، تاکە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالەیە لە پشکى یەکێتى و عەرەبە، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکە 4181 دەنگى بەدەستهێنا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە