رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆت کردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە بڕیاریداوە لە سنووری مادەی 140 لە بازنەکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە دەنگ بدەن.
حەسەن ئەمین بەرزنجی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حیزبەکەی بڕیاریداوە کادر و لایەنگرانی لە سنووری بازنەکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە رابسپێرێت بۆ ئەوەی دەنگ بە لایەنێکی کوردستانی بدەن و دەنگی کورد نەفەوتێت.
بە گوتەی حەسەن بەرزنجی، بەلای رابەری گشتیی حیزبەکەی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە، دەنگدان لەو سنوورانە رەهەندێکی نیشتمانیی هەیە و نابێ دەنگی کورد بفەوتێت.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بڕیاری دەنگدانی حیزبەکەی لە بازنەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بنەما گەڕاندەوە:
یەکەم: بەشدارییەکی چڕ بکرێت لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، چونکە بابەتێکی نەتەوەییە و چارەنووسسازە.
دووەم: دەنگ بەو لایەنە بدەین کە دڵنیابین دەنگی کورد نافەوتێنن و دەنگەکان ناسووتێن، دەبێ دڵنیابین لەوەی کورسی دەبەنەوە.
لەبارەی ئەوەی دەنگەکانیان بۆ کام لایەن دەبێت، حەسەن ئەمین بەرزنجی گوتی: "بەرپرسانی باڵای پارتی لە سنوورەکە بۆ ئەو مەبەستە سەردانیان کردووین، بەڵام جارێ ماوە و هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدەین."
گوتیشی: "بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەنگ بەو لایەنە دەدات کە زۆرترین کات بەدەمیەوە هاتبێت و سەردانیان کردبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ