عەباس عێراقچی: هەموو رێگەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی بەکاردەهێنین

22-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، مافی ئێرانە بە هەموو شێوە و ئامرازێک بەرگری لە سەروەری خۆی بکات و "هەموو رێگەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی بەکاردەهێنین."
 
رۆژی یەکشەممە، 22ـی 036ـی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیستەنبووڵەوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەسەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەست و رایگەیاند، "هێرشەکەی ئەمریکا دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئەمریکا بەرپرس دەبێت لە هەموو کاردانەوە و دەرهاوێشتەیەکی ئەم هێرشە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لەمبارەیەوە رایگەیاند، "داوا لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەین ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات لە وەڵامی ئەو هێرشە مەترسیدارەی کرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانمان."
 
رۆژی یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووەوە هێرشی کردە سەر هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ کرد. 
 
ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەبارەی شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکەوە گوتی، هێرشەکەی ئەمریکا بە هاوئاهەنگی سوپای ئیسرائیل ئەنجامدراوە.
 
عێراقچی لەوبارەیەوە دەڵێت، "بێدەنگی بەرامبەر بە کردەوە دووژمنکارییەکان جیهان دەگەیەنێتە قۆناخێکی مەترسیدار و داوای دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، "هەرگیز سازش لەسەر سەروەری و سەربەخۆیی خاک و گەلەکەمان ناکەین."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە