رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "وەڵامێک دەدەینەوە کە ترەمپی قومارچی لە دەستدرێژییەکەی پەشیمان بکاتەوە." هاوکات رایگەیاند، پەرلەمان خەریکی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ راگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا لەنێو پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا هێرشی ئەمریکای بە "هەڵەیەکی ستراتیژی" و "بەفەرمیکردنی هاوبەشی لە جەنگ دژی ئێران" ناوبرد و گوتی، "بۆ هەمووان روونە کە ئەمریکا لە یەکەم رۆژی جەنگەوە بەشێکی دانەبڕاوی سوپای رژێم [ئیسرائیل] بووە، بەڵام بەرگریی قارەمانانەی هێزە چەکدارەکانمان، دیزاینی سەربازیی ئیسرائیلی-ئەمریکیی تووشی شکست کرد، سەرۆکی وەهمی ئەمریکای ناچار کرد رووە فێڵبازەکەی خۆی ئاشکرا بکات و سەرەڕای دروشمە دژە جەنگەکانی، بە فەرمی بێتە ناو جەنگەوە."
قالیباف هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد و گوتی، "ئێمە ئەم هێرشە بە نیشانەی شکستی ستراتیژیی رژێم [ئیسرائیل] دەزانین، بەڵام قبووڵی ناکەین و بێگومان وەڵامێک دەدەینەوە کە ترەمپی قومارچی لە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتە ئازیزەکەمان پەشیمان بکاتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قالیباف ئاماژەی بە ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەک کرد و رایگەیاند، "ئێمە لە پەرلەمان بەدوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەکین کە هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانس رابگرێت، تاوەکو ئەو کاتەی گەرەنتیی کرداری لەسەر رەفتاری پیشەییانەی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە وەردەگرین."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشی کردە سەر رێکخراوەکە و رایگەیاند، "بەپێی فتوای شەرعیی رێبەر، ئێران هیچ بەرنامەیەکی بۆ چالاکیی نائاشتییانە نییە، بەڵام جیهان بە روونی بینیی کە ئاژانسی وزەی ئەتۆم پابەندی هیچ کام لە بەڵێنەکانی نەبوو و بووەتە ئامرازێکی سیاسی."
هەنگاوەکەی پەرلەمان بۆ راگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم، ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێتە گەورەترین پەرچەکرداری ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئاڵۆزییەکانی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەباتە قۆناخێکی نوێوە.
دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، فەرماندە باڵاکانی ئێران هەڕەشەی تووندیان کردووە.
لیوا عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری گشتیی ئێران رایگەیاندبوو کە "دەستی هێزە چەکدارەکان بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کراوەیە"، وەزارەتی دەرەوەش ئەمریکای بە "هاوبەشی هەموو تاوانەکان" ناوبرد.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، رۆژی یەکشەممە 22-06-2025 سەردانی مۆسکۆی کرد بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قالیبافیش جەخت دەکاتەوە کە "ئێران مەترسیی نییە بۆ ناوچەکە" و هەوڵدەدات دڵنیایی بداتە وڵاتانی دراوسێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ