رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی بە هەموو دەنگدەران دەدات کە پرۆسەی هەڵبژاردن بە نهێنی دەمێنێتەوە، تەنانەت کۆمیسیۆنیش نازانێت دەنگدەران دەنگیان بە کێ داوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ،" کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد، رایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەری نوێ لە کۆمیسیۆن تۆمار کراون، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەریان کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
باسی لەوەش کرد، تاوەکو رۆژی دەنگدان دابەشكردنی کارتی دەنگدان بەردەوام دەبێت، دەنگدەران دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە و بەشداریی پرۆسەی دەنگدان بکەن.
زیاتر لە 9 هەزار بنکە بۆ دەنگدانی تایبەت ئامادە کراوە، کە بڕیارە رۆژی 9ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت. بە گوتەی جومانە غەلای، زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس لە رۆژی دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن روونیکردەوە، زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، لەنێویاندا ئاوارەکانی خەڵکی شنگال، لە رۆژی دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
راگەیاندنی ئەنجامەکان
کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی ئەمجارە گۆڕانکاری لە پێدانەوەی ئەنجامی دەنگدان لە وێستگەکان بە چاودرێریی لایەنە سیاسییەکان کردووە، وەک جومانە غەلای گوتی، "بریکاری لایەنە سیاسییەکان دەتوانن لە رێگەی بارکۆدێکی تایبەتەوە ئەنجامەکانی دەنگدانی هەر وێستگەیەک وەربگرنەوە."
روونیشی کردەوە، لە هەموو وێستگەکانی دەنگدان بەراوردکاری لەنێوان ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ئەنجامی دەستیی دەنگەکان دەکرێت، مەرجی پەسندکردنی ئەنجامی هەر وێستگەیەک ئەوەیە، نابێت جیاوازییەکە لە 5% زیاتر بێت، ئەگەرنا دەبێت پێداچوونەوە بە هەموو ئەنجامی وێستگەکەدا بکرێتەوە."
جومانە غەلای باسی لەوەش كرد، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن زۆر خێراتر و ئاسانتر کراوە، لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت، دواتریش ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و گشتی پێکەوە رادەگەیێندرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵ دەدەن کارەکانی دوای هەڵبژاردن زۆر بە خێرایی تەواو بکەن، بۆیە دوای سێ رۆژ لە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی، تانەلێدان دەستپێدەکات.
دوورخستنەوەی بەربژێران
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو 6ی تشرینی دووەم، 848 بەربژێر دوورخراونەتەوە و ئێستا ژمارەی بەربژێران گەیشتووەتە 7744 کەس.
بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هیچکام لەو بەربژێرانە بە تاوانی هەڵبژاردن دوورنەخراونەتەوە، بەڵکو هۆکاری دیکە هەبوون بۆ دوورخستنەوەیان.
لەبارەی بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە بۆ بانگەشەکردن، گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک بەربژێر بە 10 ملیۆن دینار سزا دراون بەهۆی سەرپێچیی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن.
"دەنگی دەنگدەران بە نهێنی دەمێنێتەوە"
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی بە هەموو دەنگدەران دا، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە نهێنی دەمێنێتەوە، تەنانەت کۆمیسیۆنیش نازانێت دەنگدەران دەنگیان بە کێ داوە.
باسی لەوەش کرد، پرۆسەی دەنگدان و ئامێرەکان بە شێوەیەکن کە هیچ ئاماژەیەکیان تێدا نییە بۆئەوەی دەنگدەر ئاشكرا بکەن، بەڵکو تەنیا دەنگەکەی هەژمار دەکرێت نەک ناسنامەکەی.
جەختیشی کردەوە، هەر دەنگدەرێک کارتی دەنگدانەکەی بە شێوەیەکی ناشەرعی و نایاسایی بەخشیبێت، لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێت، بەربژێرانیش دووردەخرێنەوە.
جومانە غەلای رەتیکردەوە هیچ رێگەیەک هەبێت لەبری دەنگدان و هیچ دەنگدەرێکیش بتوانێت لەبری دەنگدەرێکی دیکە دەنگ بدات، ئەویش بەهۆی هاوتاکردنی پەنجەمۆری دەنگدەرانەوە.
بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بنکەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، رێگە بە دەنگدەران نادرێت مۆبایل ببەنە ژوورەوە و وێنەی دەنگەکانیان بگرن.
"رووداو هاوکاری کۆمیسیۆنە و پێشەنگە"
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، کە "هەمیشە پێشەنگ و هاوکار بووە و وێنەی راستەقینەی کۆمیسیۆنی گەیاندووە بە هاونیشتمانییان."
هەڵبژاردن
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد، کاژێر 07:00 رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2025 بانگەشە رادەگیرێت. رۆژی 9ـی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت و رۆژی 11ـی تشرینی دووەم، هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ